وتەبێژی حکومەتی هەرێم وا دەڵێت

“لەهیچ شوێنێکی عێراق نەبووە موچە بە قەرز بدرێت بە فەرمانبەران”

964+

ژووری هەواڵ

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی باسم عەواد لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان قسەیکرد، ئەمشەو وتەبێژی حکومەتی هەرێم وەڵامی دایەوە.

پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، لەهیچ شوێنێکی عێراق نەبووە میکانیزمی قەرز بۆ شایستە داراییەکان پەیڕەو بکرێت.

هاوکات ئەوەش دەڵێت، رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی عێراق کراوە و کەچی شایستەی کۆمپانیاکانی نەداوە.

ئەمە دەقی روونکردنەوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمە:

ڕوونکردنەوەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وتەکانی وتەبێژی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی
‌پابەندی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەرخستنی ڕاستییەکان.

‌‌‌‎هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، شایستەی 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە 906 ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. بەڵام لە 1.1.2023 تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بڕی دوو ترلیۆن و 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە 400 ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی 2022، لە کاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی 2023 بڕی 11 ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە.

‌‌‌‎* لە 1.1.2023 مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە پێی ژمارەکانی هاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنها بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر ڕێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە.

‌‎* دوایین بڕە پارە کە بڕیاری لێدراوە، 500 ملیار دینارە بە شێوازی قەرز. ئەوان دەڵێن داهاتی ئێمە بریتییە لە 320 ملیار دینار،ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێم کە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا هاتووە.

‌‌‌‎* لەبارەی داهاتی نەوت، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە 25.6.2023 تا ئێستا ڕۆژانە تێکڕا بڕی 85 هەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و حکومەتی هەرێم ئامادەش بووە هەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکاندایە، لە بەرانبەردا حکومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووەو یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرهێنان و بەرهەمهێنان
‌‌‌‎و گواستنەوەی نەوتەکە.
‌‌‌‎
‌‎* لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانیش هەر لە سەرەتاوە شەفافانە هەموو داتا و ژمارەکان خراونەتە بەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ کراوە، ئامادەییشمان نیشان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ کە داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی تەسلیم بکرێت، کەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێکی مەرکەزییان هەیە بۆ داهاتە نانەوتییەکان و هەمیشە زیاتر لەوەیان بڕیوە کە هەرێم هەیەتی لەناو
‌‌‌‎شایستە داراییەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە.

‌‌‌‎* لەکۆتاییدا ڕایدەگەینین هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی وتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە. حکومەتی هەرێم، هەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەمیشە بەبیانوویێک مافی هەرێم پێشێل دەکرێت و بەرێز وتەبێژ لەکۆتایی قسەکانی دەڵێت”باشترین ڕێگا چارە بۆ چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوورو ڕێککەوتنەکانە”،ئێمەش لەمەدا هاوڕاین لەگەلتان بەڵام دەشپرسین،کێ دەستوورو یاساکانی پێشێلکردووە؟کێ رێکەوتنەکان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟

‌‎

بەغدا لەبارەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم روونکرد...

بەغدا لەبارەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم روونکردنەوە دەدات