گەشتی هەواڵەکان

لە دۆخی کەرکوکەوە تا کەش و هەوا

964+

ژووری هەواڵ

– چەند رۆژێکە شاری کەرکوک بە سەربازی عێراقی تەنراوە، ئەم ڤیدیۆیەی لە سەرەوە دەیبینن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینیە،دۆخی شارەکە هێشتا ئاڵۆزە و سەرباز و هەمەڕ و زرێپۆش دەوری قەڵای کەرکوک و هەندێک لە گەڕەکە کوردییەکانیان گرتووە.

– کەشناسی دەڵێت، لە ئەمڕۆوە پلەکانی گەرما یەک دوو پلە دادەبەزن، بەراورد بە رۆژانی رابردوو کەش و هەوا خۆشتر دەبێت.

– بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بۆ خەڵکی شارەکە دەڵێت، ئاو بە فیلتەر و کلۆر و مەوادی دیکە پاکژ دەکەنەوە ئینجا دەیدەن بە هاوڵاتیان.
ئەمە دوای ئەوە هات، سەرنج هەبوو کە ئاوی ماڵان یەکێک بێت لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا کە ئێستا لە سلێمانی سەرو 100 حاڵەت تۆمارکراوە.

– وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 156 هەزار و 541 منداڵ دەبن بە قوتابی و دەچنە قوتابخانە.
وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی ئەم ئامارەی راگەیاندووە، زۆرترینی قوتابیەکان لە پارێزگای هەولێر دەبن بە 51 هەزار و 171 منداڵ.

– ئەمڕۆ رۆژی دووەمی پێشانگای نێکست ستێپە لە سلێمانی، دەرچووانی پۆلی 12 دێن و پرسیارەکانیان وەڵام دەدرێتەوە، ئۆفەریان پێشکەش دەکرێت و زانکۆلاینیشیان بۆ پڕ دەکرێتەوە.
دوێنێ پێنجشەممە کە یەکەم رۆژی پێشانگاکە بوو، نزیکەی دوو هەزار کەس سەردانی پێشانگاکەیان کردبوو، یەکێک لەسەردانیکارانی ئەمڕۆش قوتابیەکی یەکەمی ئەمساڵی سەر ئاستی هەرێمە..