كار بۆ كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رێكى ئۆتیزم له‌ پیرمام ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنووره‌ى قه‌زاى پیرمام هه‌وڵى كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رێكى تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی ئۆتیزم ده‌درێت، خاوه‌ن منداڵێكى تۆتیزمیش ده‌ڵێت، ته‌نیا له‌ناو سه‌نته‌رى قه‌زادا نزیكه‌ى 50 حاڵه‌ت هه‌یه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 له ‌سنوورى قه‌زاكانى پیرمام و شه‌قڵاوه‌ سه‌ره‌ڕاى بوونى ده‌یان حاڵه‌تى ئۆتیزم، به‌ڵام هیچ سه‌نته‌رێكی لێنیه‌ و خێزانه‌كانی خاوه‌ن ئه‌و حاڵه‌ته‌ش بۆ چاره‌سه‌رى منداڵه‌كانیان ناچارن بچنه‌ شارى هه‌ولێر یان شاره‌كانى تر .

باوكى یه‌كێك له‌و منداڵانه‌ى كه‌ حاڵه‌تى ئۆتیزمی هه‌یه‌، به‌ 964ـى وت، ماوه‌یه‌كه‌ كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كان و نانووسكردنیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتواندرێت سه‌نته‌رێك له‌ قه‌زاى پیرمام بكرێته‌وه‌.

ئه‌و باوكه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكات، وتیشی “تا ئێستا نزیكه‌ى 50 حاڵه‌ت له‌ناو پیرمام ناونووس كراون و له‌ سنوورى قه‌زاكه‌ش نزیكه‌ى 10 حاڵه‌تى دیكه‌ هه‌ن”.

به‌قسه‌ى ئه‌و باوكه‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ خه‌ریكی ئه‌و كاره‌ن و ده‌یانه‌وێت ئه‌وانه‌ى خاوه‌ن منداڵى ئۆتیزمن له‌نزیكترین سه‌نته‌ر چاره‌سه‌رى منداڵه‌كانیان بۆ بكرێت .