پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی کۆماری ئێران لە دەروازەی حاجی ئۆمەران _ وێنە: ئەرشیفی 964
نزیکەی چوار ملیۆن زیارەتکار لە وڵاتانی دیکەوە هاتوونەتە عێراق
964+
فەهمی نەبی
بەگوێرەی ئاماری فەرمی حکومەتی عێراق ژمارەی ئەو کەسانەی وەک زیارەتکار هاتوونەتە عێراق، گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیۆن زیارەتکار.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا سێ ملیۆن و 750 هەزار سەردانیکەر لەرێگەی فڕۆکە و دەروازە سنووریەکانەوە هاتوونەتە عێراق بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی ئیمامی حسێن لە شاری کەربەلا.
بەگوێرەی ئەو ئامارەبێت دوو رۆژ لەمەوبەر بەردەستی 964 کەوتووە، تا ئێستا دەروازەی سنوری زرباتیە زۆرترین زیارەتکاری لێ هاتووەتە ژوورەوە کە ژمارەیان زیاترە لە یەک ملیۆن و 600 هەزار زیارەتکار کە لە ئێرانەوە هاتوون، لە فڕۆکەخانەی نەجەف 160 هەزار سەردانیکەر هاتووون.
ئەمساڵ دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار بەشدارییان کرد لە پێشوازی زیارەتکاران، بەڵام هێشتا ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەی ئەو زیارەتکارانە رانەگەیەنراوە کە هاتوون.