فێستڤاڵى گوێز هه‌ردوو هه‌ورامان به‌ یه‌كترى ده‌گه‌یه‌نێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ یه‌كه‌مین فێستڤاڵى گوێز له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و به‌هۆیه‌وه‌ به‌رهه‌م و كولتوورى هه‌ردوو هه‌ورامان له‌ باشوور و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌یه‌كه‌وه‌ بگه‌یه‌نێت.

فێستڤاڵه‌كه‌ له‌ رۆژى 12.10.2023 له‌ شارۆچكه‌ى خورماڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ماوه‌ى سێ رۆژ ده‌خایه‌نێت.

سه‌نعان محه‌مه‌د ئه‌مین، یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانى ئه‌و فێستڤاڵه‌ به‌ 964ـى وت، سنوورى به‌شداربوونى فێستڤاڵه‌كه‌، هه‌ردوو هه‌ورامان له‌ باشوور و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و ته‌واوى ناوچه‌كانى شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه‌ و سه‌یدسادق ده‌گرێته‌وه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، له‌و فێستڤاڵه‌، گوێز وه‌كو به‌رهه‌مێكی سه‌ره‌كى و به‌ناوبانگى ئه‌و سنووره‌ له‌ فێستڤاڵه‌كه‌ ده‌خرێته‌ڕوو، لەهه‌مان كاتدا به‌رهه‌مه‌كانى دیكه‌ش كه‌ جوتیاران ساڵانه‌ به‌رهه‌مى ده‌هێنن نمایش ده‌كرێت.

وتیشی “له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ستمان به‌كاره‌كانى رێكخستنى ئه‌م فێستڤاڵه‌ كردووه‌و و تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆرى جوتیار و باخدار و خاوەن کاری هەردوو هەورامان، په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردووین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد مەبەستیان له‌و فێستڤاڵه‌ گەشەپێدان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی و هاندانی جوتیار و باخدارانه‌ بۆ گرنگیدانی زیاتر بۆ بەرهەمەکانیان، وتیشی “گرنگیدان بە کولتوور و فەرهەنگی ناوچەی هەورامان به‌گشتى لایه‌نێكی دیكه‌ى گرنگى فێستڤاڵه‌كه‌ ده‌بێت”.