ئەمڕۆ جەنگی نێوان تانگۆ و کەڵەشێرەکانە
964+
هێمن بەکر – هەولێر
کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی 12ی 2022، یاری کۆتایی مۆندیالی قەتەر بەڕێوەدەچێت لە نێوان ئەرجەنتین و فەرەنسا.
مۆندیال بۆ ئەرجەنتین گرنگییەکی زۆری هەیە، بە تایبەت کە لیۆ مێسی، دیارترین ئەستێرەی هەڵبژاردەکە نزیکەی 20 ساڵە بەو ئاواتەوە دەژیێت کە یەکجار مۆندیال بەدەستبهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەرجەنتین لە ساڵی 1986ەوە مۆندیالی نەبردووەتەوە، هەربۆیە دوای 36 ساڵ دەیەوێت تامی بردنەوە بکات.
هەڵبژاردەی فەرەنساش کە ژمارەیەک ئەستێرەی تۆپی پێ لەخۆدەگرێت و ناسراوترینیان کیلیان ئێمباپێیە، دەیەوێت بۆ دووەمجار لەسەریەک مۆندیال بباتەوە.
شایانی باسکردنە، لە مۆندیالی 2018ی روسیا، لە قۆناغی 16، هەڵبژاردەی فەرەنسا بە ئەنجامی چوار بە سێ گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بردەوە و لە مۆندیال کردییە دەرەوە.
هەر لەو مۆندیالەدا، فەرەنسا و کرواتیا چوونە یاری کۆتایی، کە فەرەنسا بە ئەنجامی چوار بە دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە و جامەکەی بەدەستهێنا.
چاودێرانی وەرزشیی دەڵێن، رەنگە ئەمە کۆتا مۆندیال بێت کە مێسی تێیدا بەشداریی دەکات، هەر بۆیە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تاوەکو جامی مۆندیال بەرزبکاتەوە.