باندێکی “دزینی” شوێنەوار دەستگیر کران

964+

پێشەوا محەمەد

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی باندێکی “دزینی” شوێنەواری لە قەزای چەمچەماڵ راگەیاند.

باندەکە لە پێنج کەس پێکهاتوون و بە پێی زانیارییەکانی دەزگاکە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا چەندان ئامێری پشکنین و گەڕان و دۆزینەوەی شوێنەواریان پێبووە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە 3.9.2023 لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “بە هەماهەنگی هێزەکانی کۆماندۆ چاودێری ئەو کەسانە کراوە و رۆژی 23.8.2023 دەستگیر کراون”.

ئاماژە بەوەش دراوە، ئێستا ئەو پێنج کەسە بە مادەی 24ـی یاسای پاراستنی شوێنەوار رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

بڕیگەی چواری مادەی 24ـی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2021ـی تایبەت بە بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، “هەرکەسێک کاری کنە و پشکنین و گەڕان بکات بەبێ رەزامەندی، ئەوا سزاکەی بەندکردنە بە مەرجێک لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت”.