بازگەی کەرکوک – تازەخورماتوو داخرا

964+
ژووری هەواڵ

پەیامنێری 964 رایگەیاند، بازگەی کەرکوک – تازەخورماتوو داخرا و تەنیا بۆ هێزە ئەمنییەکان کراوەیە.

هاوکات، قەرەباڵغیەکی زۆر دروستبووە لە بازگەکە و بە سەدان ئۆتۆمبێل چاوەڕێن لە کەرکوک بچنە دەرەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە سەر خەت

لەلایەکی دیکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد “هەر کەسێک ئاژاوە بنێتەوە” لە کەرکوک دەستگیری بکەن.

کەمێک لەمەوبەر، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، “کەس بۆی نییە چەک هەڵبگرێت جگە لە هێزە ئەمنییەکان”.

هەروەها دەشڵێت، قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بەسەر شاری کەرکوک دەسەپێندرێت تاوەکو ئارامبوونەوەی دۆخەکە.

“هێزە ئەمنییەکان رێگە لە هەموو ئەوانە بگرن کە ئاژاوەگێڕن و هەوڵی پشێوی دەدەن”، سوودانی وا وتووە.

لەبارەی رەوشی کەرکوکەوە، عامر نوری شوانی وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، “ئێستا بە فەرمی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆمان دا و تەنیا بۆ ئەمشەوە بۆ ئەوەی بارودۆخەکە هێور ببێتەوە، بەڵام هەر حاڵەتێکی نەخوزراو هەبێت درێژ دەکرێتەوە”.

یەک کەس کوژراوە و 12ـی دیکە بریندار بوون

سەرچاوەیەک لە تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، لە خۆپیشاندانەکەدا یەک کەس کوژراوە و 12ـی دیکە بریندار بوون.

پەیامنێری 964 دەڵێت، بە چاوی خۆی بینیویەتی خۆپیشاندەر بریندارکراوە.

ئێستا خۆپیشاندان بەردەوامە لە گەڕەکی رەحیماوا و شۆراو و رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکوک، خۆپیشاندەرە کوردەکان داوا دەکەن ئەو خێمانە لاببرێت کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێکە لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك هەڵدراون.

ئەو خێمانە بۆ ئەوە هەڵدراون کە رێگە بگرن لە راده‌ستكردنه‌وه‌ی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه‌ پێشتر باره‌گای خۆی بووه‌.