تێچووەکەی تەنیا حەوت هەزار دینارە
لە سۆران بۆ یەکەمجارە نەشتەرگەرییەکی گەورە دەکرێت
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە توانیویانە نەشتەرگەری روو و شەویلاگ ئەنجام بدەن.
د.کامەران مەلا محەمەد، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی سۆران بۆ 964 وتی، ئەو نەشتەرگەرییەی کراوە بۆ چارەسەر کردن و جێگیرکردنەوەی شکانی شەویلاگی خوارەوەی کەسێک بووە.
دەمێکە ئەو بەشە لە نەخۆشخانەی ئاشتی هەبووە، بەڵام نەشتەرگەری بچووکی لێ ئەنجامدەدرا، لەمەودوا پێویست ناکات هیچ کەسێک بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە بچێتە هەولێر، ئەمەش بەوتەی د.کامەران مەلا محەمەد.
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سۆران دەڵێت، “لە ماوەی ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوودا چەندین نەشتەرگەری گەورە و سەرووی گەورەی لێدەکرێت، هەموو ئامێر و پێداویستییەکانی نەشتەرگەری گەورەمان هەیە”.
نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران ئێستا چوار دکتۆری نەشتەرگەری ددان و دوو پسپۆڕی شکانی روو و شەویلاگەی هەیە، لە هەر شەش قەزاکەی دەوروبەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەتوانرێت لەو نەخۆشخانەیە نەشتەرگەری بکەن.
د.کامەران مەلا محەمەد دەڵێت، تێچووی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان لە ملیۆنێک تا سێ ملیۆنە، بەڵام لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران، نەشتەرگەرییەکە تەنیا حەوت هەزار دیناری مامەڵەکردنی تێدەچێت.