هونەرمەند یاس خزر کۆچی دوایی کرد
لە یەک رۆژدا عێراق دوو ئەستێرەی هونەری لە دەست دا
964+
فەهمی نەبی
لە ماوەی 24 کاتژمێردا عێراق دوو ئەستێرەی هونەری و ئەدەبی گەورەی لەدەست دا، رۆژی 1ی ئاب بە مردنی شاعیر کەریم عێراقی دەستیپێکرد و درەنگانی شەوی رابردووش بە هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند یاس خزر کۆتایی بە رۆژەکە هات.
هونەرمەند یاس خزر لە کۆتایی شەستەکان، محەمەد جەوادی ئاوازدانەر دەناسێت و گۆرانی (الهدل) تۆمار دەکات، وەک هونەرمەندی گوندەکان ناسرابوو، لەبەرئەوەی بەشی زۆری گۆرانییەکانی گوزارشت بوو لە ژیانی گوند.
سەرەتای ژیانی هونەری لە نەخۆشخانەیەکی شاری نەجەف وەک کارمەندی بلیتبڕین دەستیپێکرد، دواتر بوو بە هونەرمەندێک لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو جەماوەر و گوێگری هەبێت.
لە سەرەتای ساڵانی حەفتا چەند شیعرێکی موزەفەر نەوابی کردە گۆرانی، دیارترینیان (مرینا بیکم حمد) بوو، ئەوەی یاس خزری پێ ناسرا زۆرتر گۆرانی (تایبین و یاحمد) بوو، لە ماوەی 50 ساڵی ژیانی هونەری دەیان گۆرانی بەناودەنگی پێشکەشکردووە، دوایین ئەلبومی ساڵی 2010 بوو، بەناوی (شەوی ماڵئاوایی).
یاس خزر لەس اڵی 1938 لە شاری نەجەف لەدایک بووە، رۆژی 16ی ئابی ئەمساڵ تووشی جەڵتەی دڵ بوو، دوای چەند رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، رۆژی 26ی مانگ رەوانەی بەشی چاودێریی چڕ کرا و لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە بەغدا و شەوی 1.9.2023 لە تەمەنی 85 ساڵی کۆچی دوایی کرد.
هاوکات بەرەبەیانی دوێنێ شاعیری ناوداری عێراقی “کەریم ئەلعێراقی” بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.