بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی دێرەزوور. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
لە دێرەزوور شەڕێکی سەختە و قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لەدوای بۆردوومانی فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆسەر هێزێکی سەر بە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوو لە رۆژئاوی کوردستان، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆ لەو پارێزگایە راگەیەندرا.
ئەمڕۆ هەینی 1.9.2023، ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە)، رایگەیاند، لە کاتژمێر 5:00ـی بەیانیی رۆژی شەممەوە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر، قەدەغەی ھاتوچۆ لە پارێزگای دێرەزووری سوریا جێبەجێدەکەن.
ماوەی چەند رۆژێکە، هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان تووشی شەر و پێکدادان بوون لەگەڵ گروپێکدا کە هەسەدە بە “لەیاسا دەرچوو” ناویان دەبات.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دەڵێت، جەخت لە پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان لە دەستی ئەو گرووپانە دەکەینەوە و بەهۆی گرژییەکان قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەنین.
ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات – مەسەدە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، “ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوور ھاوکاریی سەربازی لە سوریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران وەرگرتووە، وتیشی، ئێران لە ناوچەکانی نێوان دێرەزوور و ئەلبوکەمالەوە چەک دەگەیەنێت بە ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوور”.
” ئێران و رژێمی ئەسەد دەیانەوێت وا پیشان بدەن کە ئەم نائارامییە لە ئەنجامی ململانێی نەتەوەیی نێوان عەرەب و کورد روودەدات و سەنجی سوورییەکان لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لابەرن”، ئیلهام ئەحمەد وا دەڵێت.