لە کەرکوک

سەرچاوەیەکی ئەمنی: ئۆتۆمبێلەکەی بازاڕی حەسیرەکە بە TNT تەقیوەتەوە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکوک بەهۆی بڕە تەقەمەنیەکی زۆرەوە بووە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا نەک بتڵە غاز، بە قسەی سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ 964.

شەوی رابردوو، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ ئۆمێگا لە بازاڕی حەسیرەکەی کەرکوک تەقییەوە، کوڕ و باوکێکی تیادا بوو، کوڕەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و باوکەکە و دوو کەسی دیکە کە لەسەر شەقامەکە وەستابوون بریندار بوون.

ئەو سەرچاوە ئەمنیە تایبەت بە 964 وتی، بە نزیکەیی تێگەیشتوون لەوەی ئۆتۆمبێلەکە مادەی TNT تیادا بووە.

ئەو باسی لەوە کرد، کوڕ و باوکەکە بەر لە رووداوەکە سەردانی فیتەرێکیان کردووە، ئێستا لەوە دەکۆڵنەوە بزانن لای فیتەرەکە چی لە ئۆتۆمبێلەکە کراوە.

کوڕە گەنجەکە کە گیانی لەدەستداوە ناوی ئۆزال ئەتێلایە و تەمەنی 32 ساڵە، پاسەوانی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی بووە.

سەرەتا کە 964 رووداوەکەی بڵاوکردەوە، لیوا کاوە غەریب بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک پێی وتین، هۆکاری تەقینەوەکە هەبوونی دوو بتڵ بووە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا کە غازیان لێچووە، هەروەها باسی لەوە کرد، ژنێک گیانی لەدەستداوە و پیاوێکیش بریندار بووە.