ده‌نگۆ: رێگای هه‌ولێر – كه‌ركوك به‌ ته‌واوی داخرا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

به‌ پێی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی به‌ 964 گه‌یشتووه‌، ئه‌مشه‌و رێگای هه‌ولێر – كه‌ركوك به‌ ته‌واوی داخراوه‌ و له‌ بازگه‌ی داره‌مانه‌وه‌ رێگا نادرێت كه‌س بچێته‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌.

هاوكات په‌یامنێری 964 رایگه‌یاند، بڕیاره‌ ئه‌مشه‌و باره‌گای ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك چۆڵ بكرێت، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ لایه‌نگرانی لایەنێکی عەرەبی هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگه‌ له‌و كاره‌ بگرن و باره‌گاكه‌ چۆڵ نه‌كرێت.

باره‌گای ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك، پێشتر باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوكی حزبێكی كوردستان بوو، ئێستا به‌ پێی رێككه‌وتنی نێوان حزبه‌كه‌ و حكومه‌تی عێراق، بڕیاره‌ باره‌گاكه‌ راده‌ستی حزبه‌كه‌ بكرێته‌وه‌، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌یه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ خۆپێشاندان و گردبوونه‌وه‌ له‌ لایه‌ن لایه‌نگرانی چه‌ند لایه‌نێكی عه‌ره‌بی و توركمان له‌ كه‌ركوك به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

لە درەنگانی شەوی یەکشەممەوە رێگای نێوان کەرکوک – هەولێر بە دیاریکراوی لە گەڕەکی شۆراو و لە بەردم بینای ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک لە لایەن خۆپیشاندەرانی عەرەب و ئەندامانی عەسایب ئەهل حەق و تورکمانەوە خێوەت هەڵدراوە و شەقامەکە داخراوە.

هاوكات به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964 داوا كراوه‌ ئه‌مشه‌و ژماره‌یه‌كی زۆرتری خه‌ڵك بێنه‌ به‌رده‌م باره‌گاكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چۆڵ نه‌كرێت.

پەیامنێری 964 لە کەرکوک خەریکە ئەم دەنگۆیە ساغدەکاتەوە.