کچە پارێزەری پڵنگەکانی کوردستان بۆ خەڵاتێکی جیهانی بەربژێرە
+964
پەرستۆ ساڵح
کچە کوردێک کە بە پارێزەری پڵنگەکانی کوردستان ناسراوە هەڵبژێردراوە بۆ خەڵاتێکی جیهانی لە ئەمریکا تایبەت بە ژینگە.
هانا رەزا، لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق تاکە خانمە کە لە بواری ژینگەیی تایبەت بە پاراستنی پڵنگەکان کاردەکات، خاوەنی رێکخراوی “پڵنگانی بێسنورە” یەکێکە لە پاڵێوراوانی خەڵاتی جیهانی پریتزکەر.
هانا رەزا تایبەت بە 964 وتی، “ئەو کەسانەی لەم بوارەدا لە کوردستان کار دەکەن ژمارەیانە کەمە، ئامانجمانە سروشت بپارێزین لە رێگای هاندانی هاوڵاتیان و پەرەدان بە توانای زانستی و پەروەردەیی گەنجان، چونکە پێویستمان بە کەسی لێهاتووە”
هانا رەزا لە ساڵی 2011 لە رێگای کامێرای تراپەوە بۆ یەکەمجار پڵنگ لە چیاکانی قەرەداغ دەدۆزنەوە، لەو کاتەوە ژیانی تەرخان دەکات بۆ پاراستنی پڵنگەکان لە کوردستان لە لەناوچوون.
خەڵاتی (Pritzker Emerging Environmental Genius Award) لە 26.10.2023 لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت تایبەت بەو گەنجانەی داهێنانیان لە بواری ژینگەیی کردووە، جگە لە هانا رەزا دوو کاندیدی دیکە هەن، کە خەڵکی نێجیریا و پەنەمان، براوەش دەبێتە خاوەنی 100 هەزار دۆلار، بۆ ئەوەی دواتر لە کارەکانی بۆ پاراستنی بواری ژینگە سوودی لێ وەربگرێت.
هانا رەزا باسیشی لەوەکرد، بەداخەوەیە لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق تاکە خانمە بە شێوازی ئەکادیمی کار لەو بوارەدا دەکات و تەنیا ماوەتەوە، پرۆژەشی هەیە گەنجان و خانمان بە تایبەت بهێنێتە بوارەکەوە.
هانا رەزا 36 ساڵ تەمەنیەتی و خەڵکی شاری سلێمانیە و زیاتر لە 15 ساڵە لە بواری ژینگەیی کاردەکات، دەرچووی بەشی بایەلۆجیە لە زانکۆی سلێمانی و لە بەریتانیا ماستەری هێناوە لە بواری ئیکۆلۆجی و پاراستنی ژیانی کێوی، لە 2022 رێکخراوی پڵنگانی بێسنووری دامەزراندووە.