عەمرەکارانی هەرێم لە سێ هەزار دۆلارەکەی بانکی ناوەندی سوودمەند نابن

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

عەمرەکارانی هەرێم لەو سێ هەزار دۆلارە سوودمەند نابن کە بانکی ناوەندی بە نرخی دیاریکراوی بانکەکە دەیداتە عەمرەکاران.

بانکی ناوەندی عێراق، بڕیاریداوە هەر عەمرەکارێک دەتوانێت بڕی سێ هەزار دۆلار وەربگرێت بە نرخی 132 هەزار دینار، بەڵام عەمرەکارانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم بە 964ی راگەیاند، زۆر هەوڵمانداوە ئەو سێ هەزار دۆلارە عەمرەکارانی هەرێمیش بگرێتەوە، بەڵام نەتوانرا قەناعەت بە بانکی ناوەندی بکرێت بۆ ئەو مەبەستە.

وتیشی، “پێشتریش بۆ حاجیانیش زۆر هەوڵدرا بەڵام ئەوکاتەش هیچ رەزامەندیەک لەو بارەیەوە وەرنەگیرا”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق