زبڵ و خاشاک سیمای دوزخورماتووی تێکداوە

964+

سیروان خورشید

زبڵ و خۆڵ و خاشاک سیمای گەڕەکەکانی دوزخورماتووی ناشرین کردووە شارەوانیش ئەڵێت، کێشەی کەمی کارمەند و ئالیاتمان هەیە.

بەشێک لە شۆستەو شەقامەکانی گەڕەکەکانی خورماتوو پڕ بوون لە زبڵ و خاشاک ئەمەش هاوڵاتیانی بە تەواوی نیگەران کردووە، ئەڵین بە یەک هەفتە جارێک پاککەرەوەی شارەوانی دێتە گەڕەکەکان و داواکارن لایەنی پەیوەندیدار بێت بە هانای دۆخەکەوە.

مەرعی رەشید، بەڕێوەبەری شارەوانی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، ئەوان لەئێستادا کێشەی کەمی کارمەندی پاککەرەوەیان هەیە، جگە لەوەش بودجەی شارەوانیان زۆر کەمە و ئەوەش وایکردوە ئالیات و کەرەستەیان کەم بێت و نەتوانن وەکو پێیست کارەکانیان ئەنجام بدەن.

وتیشی، ئەوان حکومەتی عێراق بە کەمتەرخەم دەزانن، چەندان جار داوایان بەرزکردووەتەوە بۆ شارەوانی گشتی وەڵامیان نەداونەتەوە.

بەشێک لە هاوڵاتیان هۆکارن بۆ زیاتر ناشرینکردنی شەقامەکانی شارەکە چونکە پاشەڕۆکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و وایکردووە زۆر بە ناشرینی دەرکەون، مەرعی رەشید وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی