11 ساڵە ئەو رێگەیە تەواو نەبووە
دیسان کارکردن لە رێگەی کەلار – سلێمانی رادەگیرێت
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار – سلێمانی، لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە کارەکانی لە رێگەکە رادەگرێت و بە نووسراوی فەرمی ئیدارەی گەرمیانی لەمە ئاگادار کردووەتەوە.
بیانوی کۆمپانیاکە ئەوەیە، داویان لێکراوە دەستەبەری بانکی نوێبکەنەوە، ئەوان بەمە رازی نین و دەڵێن هۆکاری دواکەوتنی تەواوکردنی پرۆژەکە خەرجنەکردنی پارەیە بۆیان و خۆیان هۆکار نین.
بە پێی نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران کە لە 1.2.2023 دەرچووە، هەر کۆمپانیا و بەڵێندەرێک لە کاتی وەرگرتنی تەندەرێک بۆ ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەک، پێویستە بە بەهای تێچووی ئەو پڕۆژەیەی ئەنجامی دەدات، دەستەبەری بانکی لە یەکێک لە بانکە بازرگانییە حکومییەکان بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، عوسمان محەمەد خاوەنی کۆمپانیای بێشکان بە 964ـى وت، “نووسراومان ئاراستەی رێگەوبانی گەرمیان کردووە، کە لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە کارەکانمان رادەگرین”.
عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان هەواڵەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و وتی، لەسەر داوای ئەوان کۆمپانیاکە تا 1.8.2023 لە کار بەردەوام دەبن، چونکە ئەو بڕە پارەیەی کە ھەفتانە 250 ملیۆن دینار دیاریکرابوو خەرج بکرێت، لەلایەن گەنجینەی دووی سلێمانی، لە مانگی پێنجەوە بۆ کۆمپانیای ناوبراو خەرج نەکراوە”.
وتیشی، نووسراویان ئاراستەی سەرووی خۆیان کردووە بۆ ئەوەی گرفتی دەستەبەری بانکیان بۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە وەڵام نەدراونەتەوە.
لە ساڵی 2012ـەوە، بڕیاری دووسایدکردنی رێگەی کەلار – سلێمانی دراوە، بەڵام تا ئێستا تەنیا 59%ـی تەواو کراوە، رێگەکە پێویستی بە 58 ملیار دینار ھەیە بۆ تەواوکردنی.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر