قەزای دوبز دەبێتە خاوەنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی

964+

كاروان ساڵحی – كەركوك

بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقدا، قەزای دوبز دەبێتە خاوەنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی و بە تەواوبوونی چیتر پێویست ناكات دانیشتووانی ئەو قەزایە و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری  سەردانی شاری كەركوك بكەن بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.

ئەمڕۆ یەكشەممە 16.7.2023، لەسەر بودجەی ئاسایشی خۆراك، بەردی بناغەی نەخۆشخانەکە دانرا و بڕیارە لە چەند شوێنێكی دیكەش بە هەمان شێوە نەخۆشخانە هاوشێوە بكرێنەوە.

مەروان عانی، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییە حكومییەكانی پارێزگای كەركوك بە 964ـی وت،  جگە لەو نەخۆشخانەیە بریارە لە قەزای داقوق و پردێ و چەند شوێنێكی دیكەش نەخۆشخانەی هاوشێوە دروستبکرێن.

وتیشی، بڕی 17 ملیار و نیو بۆ نەخۆشخانەکەی قەزای دوبز تەرخانكراوە و دەبێت لە ماوەی 420 رۆژدا تەواوبکرێت.

قەزای دوبز دەكەوێتە رۆژئاوای شاری كەركوك و زیاتر لە 100 گوند لەخۆدەگرێت و دانیشتووانی ناحیەی سەرگەڕان، ناحیەی پردێ، قەزای دوبز و گوندەكانی دەوروبەری زیاتر لە 120 هەزار کەس دەبێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر