گوایە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە
ئایا راستە %50ـی مریشکی کێڵگەکانی پەلەوەر مرداردەبنەوە؟
964+
ژووری هەواڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە %50ـی پەلەوەرەکان بەهۆی ڤایرۆسێکەوە مرداردەبنەوە، وەزارەتی کشتوکاڵیش رەتیدەکاتەوە.
گوایە پەلەوەرەکان بە ڤایرۆسی ئای بی نیوکاسڵ و زیاتر لە قۆناغی پێگەیشتن مرداردەبنەوە.
نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بۆ 964 گلەیی لە حکومەت کرد و وتی، “ئەو ڤایرۆسە دەبێت یەک جۆر ڤاکسینی هەبێت، بەڵام لە کوردستان 20 جۆری هەیە و حکومەت کۆنترۆڵی ناکات”.
ئەو باسی لەوە کرد، دەیان جار داوای چارەسەریان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە، داوایان لێکردوون نمونەی خوێنی بەرهەمی مریشکی هەرێمی کوردستان ببەنە دەرەوە و ڤاکسینی بۆ دروست بکەن، بەڵام کەس نەهاتووە بەدەمیانەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئەم بانگەشەیە رەتدەکاتەوە
لە لایەکی دیکە، هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە %50ـی پەلەوەرەکان لە هەرێمی کوردستان مردارببنەوە و بە 964ـی وت، بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ بکات.
فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ 964ـی باسکرد، “مرداربوونەوەی پەلەوەر دەکەوێتە سەر چۆنێتی بەرهەمهێنانی کێڵگەکان و شێوازی بەخێوکردنیان”.
ئەویش وەکو وتەبێژەکەی وەزارەت رەتیکردەوە %50ـی پەلەوەرەکان مردارببنەوە و وتی، “رەنگە هەر چەند کێڵگەیەک بن لە پارێزگای سلێمانی”.
ئەی بۆچی مریشک هەرزانە؟
فیراس سدیق بۆ سەلماندنی قسەکەی نرخی مریشکی بە بەڵگە هێنایەوە، وتی مریشک ئەم رۆژانە هەرزانترە لە ماوەی رابردوو، “ئەگەر نیوەیان مردارببنەوە خۆ کیلۆی مریشک دەگاتە 15 هەزار دینار”.
بەگوێرەی داتای وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان هەزار و 889 پرۆژەی کێڵگەی بەرهەمهێنانی پەلەوەر هەن.
لەو پڕۆژانەدا ساڵانە لەنێوان 250 بۆ 270 هەزار تۆن مریشک بەرهەمدێت، لەکاتێکدا کۆی پێویستی بۆ تەواوی ساڵەکە 147 هەزار تۆنە.
نزیکەی 24 کیلۆ مریشک
هەروەها هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە رێژەی ناوەندیی پێویستی بە نزیکەی 24 کیلۆ مریشک هەیە.
964 دەزانێت، کۆی توانای سەرجەم ئەو کێڵگە پەلەوەرییانە بۆ بەرهەمی ساڵانەی مریشک، زیاترە لە 30 ملیۆن تۆن، بەڵام زۆربەیان کەمتر لە رێژەی خۆیان بەرهەمدەهێنن، یان جاروبار لە کارکردن دەوەستن.