هاوڵاتیان خەریکی تازەکردنەوەی پاسپۆرتن لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی. وێنە: 964
پێشتر یەک مانگی بوو
ئیتر خەڵکی عێراق دەتوانن سێ مانگ لە هەرێم بمێننەوە
964+
ژووری هەواڵ
بەگوێرەی نووسراوێک، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، هاوڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەتوانن ئیقامەی سێ مانگی لە هەرێمی کوردستان وەربگرن لەکاتێکدا بە مەبەستی گەشتوگوزار هاتبن.
پێشتر هەر هاوڵاتیەکی عێراقی تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ بە مەبەستی گەشتوگوزار مافی مانەوەی پێدەدرا.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە 964ـی وت، بڕیارەکە راستە و لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت، پێشتر ئیقامەی گەشتوگوزار یەک مانگی بووە، لەمەودوا دەبێتە سێ مانگی.
ئەو سەرچاوەیە هۆکارەکەی بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بازگەکان گەڕاندەوە.
ئەو نووسراوەی 964 دەستیکەوتووە و بینیویەتی لەسەری نوسراوە “تێبینی” و وادیارە بۆ سەرجەم بازگەکان نێردرابێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر مافی مانەوە بە هاوڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەدرێت، گەشتیاری و نیشتەجێبوون.
گەشتیاری یەک مانگی بوو کە لە ئەمڕۆوە دەبێتە سێ مانگی، هەروەها نیشتەجێبوون تاوەکو ئێستا یەک ساڵیە و دەبێت ساڵانە نوێبکرێتەوە.