لە ئەکادیمیای شاهانەی ئوردن

26 خوێندکاری کورد بۆ فڕۆکەوانی دەخوێنن

964+

فەهمی نەبی

دوو ساڵی دیکە 26 فڕۆکەوانی کورد لە ئەکادیمیای شاهانەی ئوردن خوێندن تەواو دەکەن و دوو جۆر بڕوانامە وەردەگرن.

ماوەی سێ ساڵە بەشی فڕۆکەوانی لە کۆلیژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین کراوەتەوە، هەر سێ قۆناغەکە خوێندکاری وەرگرتووە، بە گوێرەی پڕۆگرامی خوێندنی بەشی فڕۆکەوانی، هەر خوێندکارێک سێ ساڵ لە هەولێر وانەکان بە تیۆری دەخوێنێت و دوو ساڵی دیکە لە بەشی ئەکادیمیای فڕۆکەوانی شاهانە لە ئوردن وانەی پراکتیک دەخوێنن.

سامان عەبدوڵا، وتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ 964 وتی، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین رۆژی هەینی سەردانی ئەو خوێندکارانەی کردووە کە لە ئوردن دەخوێنن، دیاری پێشکەش کردوون.

وتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین ئەوەشی وت، هەر خوێندکارێك دەردەچێت، دوو جۆر بڕوانامە وەردەگرێت، یەکێکیان بڕوانامەی ئەندازیاری فڕۆکەوانییە لە زانکۆی سەڵاحەدین، ئەوەی دیکەیان مۆڵەتی فڕۆکەوانی ئەکادیمیای شاهانەیە لە ئوردن.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بارەی بەشی ئەندازیاریی فڕۆکەوانیی زانکۆی سەڵاحەدین بەردەستن، ئەو بەشە بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆیەکی ئۆکرانی و زانکۆی سەڵاحەدین کراوەتەوە، خوێندن لەو بەشە بە پارالێلە.