کەرتی تایبەت قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی لە هەولێر دروستدەکات

+964

فەرمان سادق

ئەمڕۆ یەکشەممە پێنجی کانونی یەکەم، بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی ١٨ پۆڵی لە گەڕەکی ژیان لە شاری هەولێر دانرا. وەزیری پەروەردەش دەڵێ؛ ئەمە ٥٥ـەمین قوتابخانەیە لەم کابینەیەدا دروست بکرێت.

 بە ئامادەبوونی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی ۱۸ پۆلی لە گەڕەکی ژیانی شاری هەولێر  دانرا، کە لەلایەن گروپی  کۆمپانیاکانی جیهان دروست دەکرێت.

دروستکردنی ئەو قوتابخانەیە لە کاتێکدایە بە قسەی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەت ٥٥ قوتابخانە دروستکراون.

وەزیری پەروەردە، ئەو قسەیەی لەکاتی کردنەوەی قوتابخانەی سەهەندی بنەڕەتی بوو لە قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی بوو لە گەڕەکی ئاراس لە شارەدێی پیرزین، لە رۆژی ١٠ـی شوباتی ئەمساڵ.

قوتابخانەی سەهەند، بە گوژمەی ملیارێک و ٨٤١ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، بەڵام قوتابخانەکەی گەڕەکی ژیان، لەسەر بودجەی گروپی کۆمپانیاکانی جیهان دێتە دروستکردن و، بڕیارە ساڵی داهاتوو رادەستی وەزارەتی پەروەردە بکرێت.