"ئەوانەی گزی دەکەن دەدرێن بە دادگا"
وەزیری پەروەردە لەسەر هۆڵەکانی تاقیکردنەوە هاتە دەنگ
964+
توانا نەقی
وەزیری پەروەردەی هەرێم دەڵێت، بێڕێزیکردن لە پرۆسەی تاقیکردنەوەکان لە کەس قبووڵ ناکەن.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەوەی یاسا شکێنی بکات لەو بارەیەوە تا رووبەڕووکردنەوەی لەگەڵ دادگاکان بە بەردەوامی کاردەکەن.
دەشڵێت، “سوپاس بۆ ئاسایشی سلێمانی کە لەسەر سکاڵای ئێمە سێ تۆمەتباری ئەو ڤیدیۆیەیان دەستگیر کردووە کە ئەمڕۆ شەممە لەسەر پرسیاری تاقیکردنەوەکان بڵاویانکردووەتەوە.
وەزیری پەروەردە وتیشی، لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدن ئەو قوتابییەی پەیوەندی هەبێت بەو یاسا شکێنانەوە بە گزی بۆیان هەژمار دەکرێت.
ئەو قسانەی وەزیری پەروەردە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی سێ تۆمەتباریان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان دەستگیر کردووە و پێشتریش چەن باندێکی گزیکردن دەستگیر کرا بوون.