سوپای عێراق دەڵێت
لە حەمرین چوار چەكداری داعش كوژران
+964
كاروان ساڵحی – كەركوك
سوپای عێراق دەڵێت چوار چەكداری داعشیان لە سنوری چیای حەمرین كوشتووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە چیای حەمرین فڕۆكە جەنگیەكانی عێراق چوار چەكداری داعشیان كردووەتە ئامانج و كوژراون.
سەرچاوەیەك لە هەواڵگری سوپای عێراق بە 964ی وت، چەكدارەكان پشتێنی بۆمبڕێژكراویان بەستبوو، ویستویانە دزەبكەنە ناو شاری كەركوكەوە، بەڵام بەپێی زانیاریە هەواڵگرییەكان دۆزراونەتەوە و كوژراون.
هێزی چاودێری سوپای عێراق بە هاوكاری بەشەشی هەواڵگری سوپا، پشكنینی سەربازی ئاسمانی و زەمینی لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان وعێراق دەكات و هەر كاتێكیش لە هەر شوێنێك گومان لە هەبوونی چەكداری داعش یان كەسی نامۆ بكرێت، بە فڕۆكەی ئێف 16 بۆردومانی شوێنەكە دەكات.
بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رێکخراوی داعش لە ماوەی ئەم مانگەدا تا ئێستا نۆ کردەوەیان لە سوریا و چوار جموجۆڵیان لە عێراقدا هەبووە.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد