پاوە دەبەستێت بە هەڵەبجەوە
“مەرزی شوشمێ دەكرێتەوە”
+964
كوردستان ئەحمەد
هەردوو پارێزگای كرماشان و هەڵەبجە رێككەوتن لەسەر كردنەوەی مەرزی شوشمێ و لە ساڵی تازەوە كارەكانی تەواو دەكرێت.
مەرزی شوشمێ لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە دەكەوێتە ناحیەی تەوێڵە، لە دیوی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانەوە دەكەوێتە شارەدێی پاوە، سەرجەم كارەكانی لە چەند ساڵی رابردوودا تەواو كراون، تەنیا بە فەرمی ناساندن و دامەزراندنی ستاف و پرۆتۆكۆڵی كردنەوەكەی ماوە.
شاندێكی هەرێمی كوردستان كە پێكدێت لە هەر چوار پارێزگارەكە و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان لە ئێرانن، گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێكی ئابوری كردووە، یەكێك لە بابەتەكان كە قسەی لەسەر كراوە كردنەوەی مەرزی شوشمێە.
له کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەڵەبجە کرانەوەی پرۆسەی گەشتیاری بۆ هاووڵاتیان لە مەرزی شۆشمێ تەوێڵەوە بە گرنگ باسکردوو هەنگاوە ئامادەکاریەکانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی لە مەرزەکەوە بۆ باسکردن.
پەیجی فەرمی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر زاری پارێزگاری كرماشانەوە نوسیویەتی، پارێزگاری كرماشان، ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ ئەو هەنگاوەی کرانەوەیە خستەڕوو و جەختی لەوەشکردەوە، ئەوان پێیان باشە هەرچی زووە مەرزەکە بکرێتەوە.