ئاگر لە دەغڵودانی گوندێکی شارەزوور کەوتووەتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

لە گوندی کانی بەردینە لە سنووری قەزای شارەزوور زەوی ژمارەیەک جووتیار سووتاوە، مەزەندە دەکرێت 45 تۆن گەنمی تێدابووبێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەپێی زانیارییەکان گەنمی 30 جووتیار سووتاوە، ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی گوندەکە دەڵێت، “پۆلیس دوو کەسیان دەستگیرکردووە”.

گوندی کانی بەردینە لە رووی ئیداری سەر بە ناحیەی زەڕایەنە لە سنووری قەزای شارەزوو و بە دووری 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزاکە.

عەتا عەبدولکەریم دانیشتووی گوند و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی گوندەکە بە 964ی وت، “رووبەی سووتاوی گەنمەکە لەنێوان 350 بۆ400 دۆنمە و زەوی 30 جووتیاری ناوچەکەیە”.

عەتا عەبدولکەریم، کە خۆی دوو تۆن گەنمی سووتاوە دەڵێت، “ئەو بڕەی سووتاوە 45 تۆن بەرھەمی گەنمی ھەبووە، لەسەر ئەمەش پۆلیسی زەڕایەن دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە بە ماتۆڕ لە ناوچەکە سووڕاونەتەوە و دانیشتووی شارەزوورن”.

لەسەر ئەم رووداوە، ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی بە 964ی وت، “کارمەندانی بەرگری شارستانی زەڕایەن و قەزای شارەزوور و تیمە ھاوبەشەکان پاش یەک کاتژمێر توانیویانە کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن”.

بە وتەی ئارام عەلی، جگە لە زیانی مادی رووداوەکە ھیچ زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.