10 رۆژی تر نۆژەنکردنەوەی 120 مەتری تەواو دەبێت
964+
دوای نۆ ساڵ لە تەواوکردنی یەکەم بەشی شەقامی 120 مەتری هەولێر لەلایەن هەمان کۆمپانیا نۆژەندەکاتەوە دەکرێتەوە کە دروستی کردووە.
ماوەی 20 رۆژە دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی شەقامی بازنەیی 120 مەتری شاری هەولێر، چاوەڕوانیش دەکرێت 10 رۆژی دیکە کۆتایی بە هەڵگرتنەوە و لابردنی ئەو پارچە قیرانە بهێندرێت کە تێکچوون و چاک دەکرێنەوە.
شەقامی بازنەیی 120 مەتری هەولێر، نۆ ساڵ پێش ئیستا بەردی بناغەی بۆ دانرا و لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی هێمن گروپ ئەنجامدرا.
لە یەکتربڕی بەحرکە بۆ یەکتربڕی موسڵ، یەکەم بەشی شەقامی 120 مەتری بوو کە نۆ ساڵ پێش ئێستا دروستکرا، ئێستاش کاری نۆژەنکردنەوە بۆ هەمان بەش ئەنجامدەدرێت.
شەقامی بازنەیی 120 مەتری، درێژییەکەی 35 کیلۆمەترە و یەکێکە لە شەقامە بازنەییە سترتیژەکانی هەولێر کە گەڕەکەکانی دەوروبەری شار بەیەکەوە دەبەستێەوە و لەهەمان کاتیش بە سەنتەری شاریش دەینابەستێتەوە.
ئەمیر گەزنیەیی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی رێگاوبان لە هێمن گروپ کە لە هەمانکاتدا سەرپەرشتاری نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە دەکات، بە 964ـی وت، ماوەی 20 رۆژە لەو بەشەی نێوان موسڵ تاوەکو بەحرکە دەستمان کردووە بە هەڵگرتنەوەی قیرە تێکچووەکان و چاککردنەوەیان، رەنگە 10 رۆژی دیکە کارەکە کۆتایی پێ بێت.
زیاتر وتیشی “ئەگەرچی بەگوێرەی گرێبەست ئەو ماوەیە کۆتایی هات کە دەبوو کۆمپانیا نۆژەنی بکاتەوە کە ساڵێک بوو، بەڵام وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، خاوەنی کۆمپانیا هێمن گروپ بڕیاریدا لەسەر ئەرکی کۆمپانیایەکە ئەو بەشە نۆژەن بکاتەوە”.
بە قسەی ئەمیر گەزنەیی بێت، بەشەکانی دیکەی شەقامی 120 مەتری، هیچ کێشەیەکیان نییە.