بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی کەرکوک: قوتابیەکەمان لە ماڵەوە گیانی لەدەستداوە

964+
کاروان ساڵحی

بەڕێوەبەری دواناوەندی سەفوە لە کەرکوک رەتیکردەوە کچە خوێندکارێکیان لەناو قوتابخانەدا گیانی لەدەستدابێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی وا بڵاوکرایەوە کچە قوتابییەکی 13 ساڵ لە کەرکوک لەناو قوتابخانەکەی گیانی لەدەستداوە.

لەوبارەیەوە، شاهژنان مەحمود بە 964ی وت، “میدیاکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ئێمە و پەروەردەی کەرکوک هەواڵی بێ بنەمایان بڵاوکردووەتەوە”.

وتیشی، ئەو کچە خوێندکارە ناوی رووناک دلێرە و توشبووی نەخۆشی شێرپەنجەی ئێسک بووە، لە ماڵەوە کەوتووە چەند رۆژێکە مۆڵەتی تەندروستی بۆ کراوە، “بەداخەوە ئێوارەی دوێنێ لەناو ماڵی خۆیان گیانی لەدەستداوە”.

964 سۆراغی ئەو دەنگۆیانە دەکات کە رۆژانە بە راست و هەڵە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاودەکرێنەوە و بە تەکنیکەکانی رۆژنامەوانی ساغیان دەکاتەوە.