وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق حەوت بڕیاریان دەرکرد

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عێراق لە هەولێر کۆبوونەوە و لەسەر حەوت خاڵ رێککەوتن، بە گوێرەی یەکێک لە بڕیارەکان چوار بەنداوی نوێ لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراك لە هەرێم دروست دەکرێن.

بە پێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، کە رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، چاكسازیش لە ژمارەیەك بەنداوی دیكە دەكرێت.

کۆبوونەوەکەی هەردوولا، بە سەرپەرشتی عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ئەنجامدرا.

دەقی بڕیار و راسپاردەكانی كۆبوونەوەكە:

  • یەكەم:

جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت، كە تیایدا سەرجەم ئاڵەنگەری و داواكاری و كێشەكان و بەرچاوڕوونی دەربارەی هەماهەنگی و بەیەكەوە كاركردن لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی دۆسیەی ئاو و ستراتیژی ئیدارەدانی ئاو لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقدا.

  • دووەم:

دروستكردنی چوار بەنداو:

(مەنداوە، دەلگە، باكرمان، تەقتەق) لە چوارچێوەی دیراسەی ستراتیژی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراك لە عێراقدا.

  • سێیەم:

چاكسازی و سیانەكردنی بەنداوە ستراتیژییەكانی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك، كە دیراسە و دەرخستەكانی چۆتە  قۆناغی تەرخانكردنی بودجە و دەستپێكردن.

  • چوارەم:

پاككردنەوەی رێرەوەكانی ئاو و پۆندەكان و پڕۆژەكانی ئاودێری و دانانی تەكنەلۆژیا و پێوەری پێشكەوتو بۆیان.

  • پێنجەم:

بەشداریكردنی نوێنەرایەتیی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە سەرجەم كۆنگرە و كۆبوونەوە و دیدارە گرنگەكانی تایبەت بە دۆسیە و دانوستانەكانی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

  • شەشەم:

بەیەكەوە بەشداریكردن لە چۆنیەتی بەرێوەبردن و خەزنكردن و بەردانەوەی ئاوی بەنداوە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان بە رەچاوكردنی پشكی هەرێم لە ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵ .

  • حەوتەم:

یەكخستنی هەوڵ و تواناكان بۆ رووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی و دیاردەی كەمبوونەوەی ئاو و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆرانكاری كەش و هەوا لە ناوچەكە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە كە لە رێگەی لیژنەی هاوبەش و تەكنیكی هەردوو وەزارەت بەدواداچون بكرێت بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەو راسپاردە و بڕیارە گرنگانەی لەم كۆبونەوەیە گەڵاڵە و پەسندكران.