ماڵەکەی هونەرمەندانی ئاكرێ و ئامێدی دەكرێنەوە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

دوای داخستنی بۆ ماوەی هەشت ساڵ، هەردوو ماڵی هونەرمەندان لە ئاکرێ و ئامێدی جارێکی دیکە بەڕووی هونەرمەندان دەکرێنەوە.

لە سنووری پارێزگای دهۆک، چوار ماڵی هونەرمەندان هەیە، لە دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ و ئامێدی.

لە تەواوی دەڤەری بادینان هەزار و 335 هونەرمەند ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانن.

هەردوو ماڵی هونەرمەندان لە ئامێدی و ئاکرێ لە ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی هەردوو ماڵەکە، داخران، لەگەڵ خۆیشیدا کار و چالاکی 10 تیپی هونەری راگیران.

ئەڤین بۆتانی، بەرپرسی لقی دهۆکی سەندیکای هونەرمەندان بە 964ـی وت، ئێستا وردە وردە دۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوات و کار لەسەر کردنەوەی هەردوو ماڵەکە دەکەین و بەمنزیکانە جارێکی تر بەرووی هونەرمەندانی ئاکرێ دەکرێنەوە.

دەشڵێت: لە پێشدا ماڵی هونەرمەندانی ئاکرێ دەکرێتەوە، دواتر ئامادەکاری دەکەین بۆ کردنەوەی ماڵی هونەرمەندان لە ئامێدی.

زیاتر وتیشی “گرنگی دووبارە کردنەوەی ئەو دوو ماڵە لەوەدایە دەبێتە ژوانگەی هونەرمەندانی هەردوو قەزاکە و رۆژانە لەو ماڵە کۆ دەبنەوە و ئاگاداری بەرهەمە هونەرییەکان و ژیانی تایبەتی یەکتر دەبن”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق