شارەوانیی سێمێل موڵەتی مانگێک دەداتە خاوەن پەلەوەرەکان
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
مەڕ و ماڵات و قاز و مریشک سیمای قەزای سێمێلی ناشرین کردووە، شارەوانیش هەڕەشەی تێکدانی شوێنی حەوانەیان دەکات و مانگێک مۆڵەتیان پێدەدات.
بەپێی بڕگەی (ح) و (ز) لە یاسای ژمارە 27ـی شارەوانی، دەسەڵاتی ئەوە بە شارەوانییەکان دراوە کە هەرکاتێک مانگا یان هەر جۆرە ئاژەڵێکی تر لەسنووری شارەوانی زیان بە ژینگە بگەیەنێت، دەستگیربکرێن و سزای دارایش دەدرێن.
موحسین عەبدولکەریم، بەڕێوبەری شارەوانی قەزای سێمێل بە 964ی وت “خەڵکێکی زۆر لە سەنتەری قەزای سێمێل لە ماڵەکانیاندا شوێنیان بۆ بەخێوکردنی مریشک و قاز و مەڕ و بزن دروستکردووە، ئەمەش خەڵکی بێزار کردووە و سکاڵایان تۆمار کردووە، ئێمەش لەسەر داوای ئەوان موڵەتی مانگێکمان پیداون بۆ تێکدانی شوێنەکانیان”.
دەشڵێت: دوای کۆتایی هاتنی وادەکە 24 کاتژمێر مۆڵەتیان دەدەین و بیریان دەهێنینەوە کە شوێنەکانیان تێکدەدەین.
شارەوانی سێمێل، هیچ ئامارێکی نییە کە چەند مەڕ و ماڵات و پەلەوەر لەناو قەزای سێمێل بەخێو دەکرێن.