مه‌حمود عوسمان: یه‌كێتی و پارتى پێویستیان به‌ رێكه‌وتنێكی نوێی ستراتیژی هه‌یه‌

964+

بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ یه‌كێتی و پارتى له‌سه‌ر ئاستی باڵا كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك كه‌ گرنگترینیان ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ چه‌قبه‌ستووه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ نێوانی هه‌ردوولای ساردكردۆته‌وه‌.

سیاسه‌تمه‌دارێكی كوردیش پێیوایه‌ كه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ ده‌بێ به‌ناچارى رێكه‌وتنێكی نوێى ستراتیژی له‌نێوان خۆیاندا دروستبكه‌نه‌وه‌.

دواى ماوه‌یه‌ك له‌ ساردبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیان، ده‌نگۆی سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان یه‌كێتی نیشتمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى باڵا، بڵاوبووه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ى ناوه‌ندی پارتى بوونى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ‌دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌م نزیكانه‌‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

ئاری نانه‌كه‌لی، ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندی پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌وه‌ى بۆ میدیایه‌كی هه‌رێم دووپات كرده‌وه‌ كه‌ به‌م نزیكانه‌ مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولایه‌ن كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

زیاتر وتی “هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانمان به‌رده‌وام بووه‌، به‌ڵام به‌م دواییانه‌ ساردی تێكه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ پەیوه‌ندییه‌كانمان پچڕابێ، بۆیه‌ پێیوایه‌ ده‌كرێ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ په‌یوه‌ندیه‌ چه‌قبه‌ستووه‌كه‌ ئاسایی بكاته‌وه‌”.

لای خۆشییه‌وه‌ رێباز بێركۆتى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان وایده‌بینێ كه‌ هه‌ركاتێك یه‌كێتى و پارتى بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێك، ئه‌وا ده‌ستكه‌وتى زۆر بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌دی دێت.

دەڵێ؛ له‌وه‌ته‌ى كار به‌ رێكه‌وتنى ستراتیژی ناكرێ، هه‌رێمی كوردستان له‌ زۆر رووه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌.

له‌باره‌ى ساردبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ش، سیاسه‌تمه‌داری دیاری كورد، دكتۆر مه‌حمود عوسمان به‌ 964+ ى راگه‌یاند “ته‌نیا یه‌كێتى و پارتى خۆیان ده‌زانن كه‌ بۆچی په‌یه‌وه‌ندییه‌كانیان به‌وشێوه‌یه‌یه‌”، بۆیه‌ به‌باشی ده‌زانێ كه‌ هه‌ردوولا رێكبكه‌ون، ده‌ڵێ “نیوه‌ى كوردستان هی لایه‌كه‌و نیوه‌كه‌ى تریش هی لایه‌نه‌كه‌ى تر، بۆیه‌ هه‌رده‌بێ به‌ناچاری رێكبكه‌ون..”.

مه‌حمود عوسمان ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ “یه‌كێتی و پارتى پێویستیان به‌ رێكه‌وتنێكی نوێی ستراتیژی هه‌یه‌، چونكه‌ دۆخه‌كه‌ وه‌ك جاران نه‌ماوه‌و مام جه‌لالیش نه‌ماوه‌، كه‌واته‌ هیچ چاره‌یه‌كیان له‌به‌رده‌مدا نیه‌ هه‌ر ده‌بێ له‌گه‌ڵ یه‌كتری رێكبكه‌ون و رێكه‌وتننامه‌یه‌كی تازه‌ى ستراتیژی بكه‌ن.

له‌باره‌ى نێوه‌ندگیری هه‌ر كه‌سایه‌تیه‌ك له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ سارده‌یان له‌نێوان نه‌هێلی، مه‌حمود عوسمان ده‌ڵێ “نه‌مانبینیوه‌ كه‌س بۆ ئه‌وه‌ راسپێردرابێ و ئه‌و رۆڵه‌ى بینیبێ” ، ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و راسپێردرابێ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌.

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌گشتى له‌ یه‌كێتى و پارتى بێزار بوونه‌ چونكه‌ “چه‌ندین كێشه‌یان بێ چاره‌سه‌ر هێشتۆته‌وه‌”.

له‌باره‌ى دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و تۆپبارانه‌كانى ئێران و توركیا، مه‌حمود عوسمان؛ به‌پێویستى ده‌زانێ كه‌ یه‌كێتى و پارتى به‌یه‌كه‌وه‌  سه‌ردانى ئه‌و دوو وڵاته‌و به‌غداش بكه‌ن و له‌نزیكه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.