36 ماسیگر لە بەنداوی موسڵ دەستگیركران
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە سنووری پارێزگای دهۆك تەنا لە یەك رۆژدا 36 ماسیگر دەستگیركراون.
دوێنێ شەو پۆلیسی دارستانی دهۆك لەسەر بەنداوی موسڵ 36 ماسیگر و 10 ئۆتۆمبێلی راوچییەكان دەستگیركراون.
سەرجەمیان رەوانەی دادوەری لێكۆڵینەوەی تاوانەكان كراون و سزایی یاسایی دەدرێن.
رەمەزان سیاری، بەرپرسی مەفرەزە گەڕۆكەكانی پێشمەركەی كوردستان بە 964ی وت، بە بەردەوام مەفرەزە گەڕۆكەكانیان بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێن كە یاساكان جێبەجێ ناكەن و سزای تاوانبارەكان دەدەن.
لە رۆژی قەدەغەكردنی راوە ماسیەوە لە سنوری پارێزگای دهۆك هەتا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە 129 كەس بە تۆمەتی راوكردنی ماسی دەستگیركراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی دارستانی دهۆك، تا ئێستا 90 ماسی گەورە و 30 ماسی بچوك و 50 تۆڕی گەورەی ماسی دەستیان بەسەردا گیراوە.
هەركەسێك لە وەرزی قەدەغەكردنی راوە ماسیدا دەستگیر بكرێت بە مادەی 48ی یاسای سزادانی عێراقی دەدرێتە دادگا، كە تایبەتە بە بواری راوە ماسی.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد