کیم جۆنگ ئون وەڵامی ترەمپ ناداتەوە

کۆریای باکوور دەستبەرداری جبەخانە ئەتۆمییەکەی نابێ

کوردستان جەلال

کۆریای باکور نە دەستبەرداری جبەخانە ئەتۆمییەکەی دەبێت و نە هاوڕێیەتیی ئەمریکاشی قبوڵە.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە گفتوگۆ سەرەتاییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور، لە میانی دوایین گەشتی ترەمپ بۆ ئاسیا، گەیشتوونەتە بنبەست، دوای ئەوەی پیۆنگ یانگ چەند مەرجێکی خستووەتە روو کە واشنتن نەیتوانیوە قبوڵیان بکات.

بەپێی سەرچاوەکان، هەردوولا تاوتوێی ئەگەری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی راستەوخۆیان کردووە، بەڵام کیم جۆنگ ئون هیچ ئامادەییەکی نیشان نەداوە بۆ دەستبەرداربوون لە جبەخانە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵ دەدات کۆتوبەند بخاتە سەر تاقیکردنەوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆریای باکوور.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ ساڵی رابردوو لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کیم جۆنگ ئونەوە کردووە، بەڵام ئەو وەڵامی پەیوەندییەکەی نەداوەتەوە.

لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، هەردوو سەرۆک سێ جار کۆبوونەوە کە داماڵینی چەکی ئەتۆم تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان بوو.

بەڵام ئێستا وا دیارە سەرۆکی کۆریای باکور نە ئارەزووی دەستبەرداربوون لە جبەخانە ئەتۆمییەکەی هەیە، نە ئارەزووی بەستنی پەیوەندیی هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەو کەسەی کە وادانراوە سەرۆکی جیهانێکی ئازاد بێت.