هاندەرانى یانەى نەورۆز
سلێمانى دڵخۆشە
نەورۆز ریمۆنتاداى کرد؛ لە گەرمەى بردەوە
964+
وریا فەتاح
یانەى نەورۆزى شارى سلێمانى، ریمۆنتادایەکى مێژوویى ئەنجامدا و لەناو هاندەرانى شارە حەیاتەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە یانەى گەرمەى بردەوە و خۆشى و شادى خستە دڵى هاندەرانییەوە.
لە یارییەکەى ئەمشەودا کە لەسەر یاریگاى نەورۆز بەڕێوەچوو، هەر لەگەڵ دەستپێکى یارییەکەدا گەرمە دەستى خۆى وەشاند و گۆڵى تۆمارکرد، بەڵام نەورۆز زوو وەڵامى دایەوە و یەکسانى کردەوە، یارییەکەش لە گێمى یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایى هات.
لەگەڵ دەستپێکى گێمى دووەم، گەرمە گۆڵى دووەمى تۆمارکرد، بەڵام ریمۆنتادا تا خولەکى 89 درێژەى کێشا ئەوەش دواى ئەوەى سیمۆن مۆسۆڤا گۆڵى یەکسانبوونەوەى تۆمارکرد و پێش فیکەى کۆتایش مەڕوان حوسێن گڕى بەردایە یاریگا و ئەنجامەکەى لەبەرژەوەندى نەورۆز کۆتایى پێهێنا و گۆڵى سێیەم و سەرکەوتن و ریمۆنتاداى تۆمار کرد.
بەمەش لە هەفتەى چواردەى خولى ئەستێرەکانى عێراق، ریزبەندییەکە بەمشێوەیەیە:
یەکەم: گەرمە 30 خاڵ
دووەم: نەورۆز 29 خاڵ
سێیەم: نەفت 28 خاڵ
چوارەم: شورتە 25 خاڵ