"له شوقه‌یه‌كدا خنكێندراوه"
په‌رله‌مانتارێكی پێشووی عێراق له به‌یرووت به كوژراوی دۆزرایه‌وه
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
دوای چوار رۆژ له دیارنه‌مانی و پهیوهندینهكردنی به خانه‌واده‌كه‌ی، ئه‌مشه‌و ته‌رمی ئه‌حمه‌د عه‌لوانی، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق له به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان دۆزرایه‌وه.
كه‌ناڵی ئه‌لحه‌ده‌س له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاسایشی لوبنانه‌وه بڵاویكرده‌وه، ته‌رمه‌كه‌ی له شوقه‌یه‌كی ناوچه‌ی ته‌ریق جه‌دیده له به‌یرووت دۆزراوه‌ته‌وه.
عه‌لوانی چوار رۆژ بوو دیار نه‌بوو، كه‌سوكاره‌كه‌ی په‌یوه‌ندییان به ئاسایشی لوبنانی كردبوو، كه دیار نییه و ناتوانن په‌یوه‌ندی پێوه‌بكه‌ن.
ئاسایشی لوبنان ئاشكرایان كرد، عه‌لوانی به خنكێندراوی له شوقه‌یه‌ك له ناوچه‌ی عه‌فیف ئه‌لته‌یبی له ته‌ریق جه‌دیده‌ی به‌یرووت دۆزراوه‌ته‌وه و گومان له‌سه‌ر سێ كه‌س هه‌یه كه ده‌ستیان له‌و تاوانه‌دا هه‌بێت.
سه‌رچاوه‌كه زانیاری زیاتری داوه و ده‌ڵێت، دوو كه‌سی سوریایی و یه‌كێكی لوبنانی شوقهیهكیان به كرێ گرتووه و ته‌رمی عه‌لوانی له‌و شوقه‌یه دۆزراوه‌ته‌وه و یه‌كێك له‌وان ده‌ستگیر كراوه.
ئه‌حمه‌د ئه‌لعه‌لوانی كێیه؟
ئەحمەد سلێمان جەمیل ئەلعەلوانی، ناسراو به ئه‌حمه‌د ئه‌لعه‌لوانی، سیاسییه‌كی سوننەی دیاریی عێراق و پەرلەمانتاری پێشووی پارێزگای ئەنبار بوو له په‌رله‌مانی عێراق.
لەدایکبووی ساڵی 1969یه و بۆ دوو خول 2005 تا 2014 په‌رله‌مانتاری عێراق بووه لەسەر لیستی «القائمة العراقیة» و سەرۆکی لیژنەی ئابووری بووە لە پەرلەمان.
به‌وه ناسراو بوو، دژایەتی حکومەتی مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقی ده‌كرد، یەکێک بوو لە دەنگ و سەرکردە سەرەکییەکانی گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و مانگرتنی پارێزگای ئەنبار و شارەکانی تری سوننەنشین.