بانکی ناوەندی:
فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران زیادنەکراوە
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
بانکی ناوەندی عێراق رەتیدەکاتەوە بڕی پێدانی دۆلاری بە گەشتیاران زیادکردبێت بۆ سێ هەزار و 500 دۆلار و دەڵێت، “ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاوکراوەتە ساختەیە.”
حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندی عێراق بە میدیای عێراقی راگەیاندووە، “فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران وەک خۆی ماوە و هەر دوو هەزار دۆلارە بۆ هەر گەشتیارێک، ئەو بەڵگەنامەیەی بەناوی بانکی ناوەندی لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، ساختەیە.”
حەیدەر غازی وتیشی، هیچ بڕیارێک لەبارەی زیادکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ سێ هەزار و 500 دۆلار نەدراوە.
مانگی رابردوو بانکی ناوەندی لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی دەیدات بە گەشتیاران رایگەیاند، لەمەودوا هەر گەشتیارێک دوو مانگ جارێک دەتوانێت لە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە سوودمەندبێت لەکاتێکدا پێشتر مانگی جارێک بوو.