هەندێکیان قەرەبوو ناکرێنەوە
بەشێک لە دوکانەکانی کانی وەتمان بەرجادە کەوتن و رووخێنران
ئەحمەد محەمەد
بەشێک لە دوکانەکانی کانی وەتمان بەرجادە کەوتن و رووخێنران، هەندێکیان قەرەبوو ناکرێنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 1.11.2026 بەهاوكاری هێزە ئەمنییەكان ئەو بەربەستانەی لە گوندی كانی وەتمان كە دەبوونە رێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی سایدێكی خەدەمی رێگاكە، لابران و بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەكانیش دەڵێت ئەو دوكانانەی ماون تا سبەی مۆڵەت دراون.
نۆ دوکانن و سەرەتا خاوەنەكانیان نارازی بوون لە بڕیارەكە، گوایە پێشتر ئەو سایدە خزمەتگوزارییە لە پڕۆژەكەدا نەبووە و دواتر زیاد كراوە، بەڵام دواجار بەهاوكاری هێزە ئەمنییەكان كێشەكە چارەسەركرا.
سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ كامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەكان کرد، ئەو وتی، “بابەتەكە جۆراوجۆرە، بەشێكیان قەرەبویان بۆ نوسراوە و وەریانگرتووە، بەشێكیان ماون وەریبگرن، بەڵام بەشێكی دیكەشیان مامەڵەی زیادەڕەویان لەگەڵ دەكرێت، چونكە دوای بڕیاردان لە جێبەجێكردنی رێگاكە دروستكراون.”
“هەر دوكانێك دوای بڕیاردان لە پڕۆژەكە و بێ وەرگرتنی مۆڵەت و رەزامەندی دروستی كردبێت، دەیڕوخێنین و هیچ قەرەبوویەك وەرناگرن”، کامەران عەبدوڵا وای وت.
دەربارەی زیادكردنی سایدێكی خەدەمی رێگاكە، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەكان دەڵێت، پڕۆژەكە لەسەر ئاستی وەزارەت جێبەجێ دەكرێت و ئاگاداری وردەكارییەكانی نین، ئەوان تەنیا بەرپرسن لەوەی بەربەستەكان بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار لاببەن.
بەقسەی کامەران عەبدوڵا، بەشێك لە دوكانەكان ئەمڕۆ روخێنراون، ئەو چەند دوكانەش کە ماون، تا کاتژمێر 12ـی سبەینێ دووشەممە دەبێ لاببردرێن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری