وێنەی 25 هەزار و دە هەزار دیناری عێراقی - وێنە: socialmedia
ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى:
چوار ملیار دینارى دۆسیەیەکى گەندەڵى گەڕێندرایەوە بۆ خەزێنەى عێراق
وریا فەتاح
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشکرای کرد کە بڕی چوار ملیار دیناریان لە دۆسیەیەکی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕیدا گەڕاندووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجوومەنەکە، “دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە، کە تایبەتمەندە بە بینینی دۆسیەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە، توانیویەتی بڕی چوار ملیار دیناری عێراقی لە بەرژەوەندیی بانکی رافیدەین بگەڕێنێتەوە.”
لە راگەیەندراوەکەدا، دادوەری تایبەتمەند بە دۆسیەکە روونی کردووەتەوە کە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە لەسەر بنەمای تاوانەکانی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی بووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای دادوەری بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رێکارە دادوەرییەکان و لێکۆڵینەوە وردەکانی دادگا بوونەتە هۆی گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە.
لە کۆتاییشدا دادگاکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێکارە یاساییەکانیان بەردەوام دەبن بەرامبەر بەو سەرپێچیکارانەی رێگەی نایاسایی دەگرنەبەر بۆ بەدەستهێنانی قازانج، کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی.