دیمەنی بەنزینخانەیەکی دەربەندیخان - وێنە؛ قایمقامیەتی دەربەندیخان
چەند شۆفێرێک لە دەربەندیخان
ویستیان دوو جار بەنزینی 750 دیناری وەربگرن؛ سزا دران
شۆڕش قادری
لە دەربەندیخان چەند شۆفێرێک ویستیان زیرەکی بنوێنن و دووجار بەنزینی 750 دیناری لە سەیارەکانیان بکەن، لیژنەکان پێیانزانی و سزایان دان.
بەپێی راگەیەنراوێکی قایمقامیەتی دەربەندیخان، دوای چاودێریکردنی شۆفێران لە کاتی وەرگرتنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی، تێبینی ئەوە کراوە کە ژمارەیەک شۆفێر کەمتر لە کاتێک لە وەرگرتنی بڕی پێویستی بەنزین، دوای جێهێشتنی خاڵی دابەشکردنی سوتەمەنییەکە، جارێکی تر بە شێوەی نایاسایی هەوڵی وەرگرتنەوەی بەنزینیان داوە.
بەڵام لیژنەکانی چاودێری بە پێی رێوشوێنی دیاریکراو ئەو کەسانەیان دەستنیشان کردووە و لە وەرگرتنی دووبارەی بەنزینەکە بێبەش کراون.
قایمقامیەتی دەربەندیخان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر کەسێک پەنا بۆ فێڵکردن و سەرپێچی لە سیستەمی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو ببات، رووبەڕووی رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە.