لەبەردەم قوتابخانەکەیان ئۆتۆمبێلێک شێلابوونی

پێنج کچە قوتابییەکەی سۆران بە تەندروستی “باش”ەوە گەڕێندرانەوە ماڵەوە

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران دەڵێت ئەو پێنج قوتابییەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تووشی رووداوی هاتوچۆ بوبوون هەموویان تەندروستیان جێگیرە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.

رووداوەکە لە کاتژمێر 7:30 ی خولەکی بەیانی و پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لەبەردەم قوتابخانەى ئازادى کچان لە سۆران، پێنج کچە قوتابى پۆلى نۆى بنەڕەتى، پێش ئەوەى بچنە هۆڵى قوتابخانە و لەبەردەم قوتابخانەکەیان ئۆتۆمبێلێک دەیانشێلێت و برینداریان دەکات.

پەروەردەی سۆران ئاماژە بەوەدەکات، لە کاتی رووداوەکەدا، لیژنەی باڵا و لیژنەی قەزایی تاقیکردنەوەکان و سەرپەرشتیاری هۆڵەکە لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوون و لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تەندروستی قوتابییەکانیان کرد و سەرجەم رێکار و هەماهەنگییە پێویستەکانیان بۆ گیرایەبەر بۆ ئەوەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانیان نەفەوتێت و بتوانن بە ئارامی تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن.

دەشڵێت، تاوەکو کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ، دوای دڵنیابوونەوە لە جێگیربوونی دۆخی تەندروستییان، قوتابییەکان بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە نێو باوەشی خێزانەکەیان.