سێنتراڵ پارک؛ دارستانە دەستکردەکەی نیویۆرک کە لە کڕینی ویلایەتی ئەلاسکا گرانتر بوو

ژوورى هەواڵ

کاتێک سەیری نەخشەی نیویۆرک دەکەیت، چوارگۆشەیەکی سەوزی گەورە لە ناوەڕاستی باڵەخانە کۆنکرێتییەکاندا سەرنجت رادەکێشێت کە بە “سییەکانی نیویۆرک” ناسراوە. زۆربەی خەڵک پێیان وایە سێنتراڵ پارک پارچەیەکە لە سروشت، بەڵام لە ڕاستیدا یەکێکە لە گەورەترین پرۆژە دەستکردەکانی مێژوو کە سەرجەم دەریاچە و گرد و تاشەبەردەکانیشی بە دەستی مرۆڤ دروستکراون.

ئەم پارکە زەبەلاحە کە 840 دۆنمە، لە ساڵی 1858 بە تێچووی 7.39 ملیۆن دۆلار دروستکراوە، سەیرەکە لەوەدایە لەو سەردەمەدا ئەم تێچووە لە کڕینی هەموو ویلایەتی ئەلاسکا (کە بە 7.2 ملیۆن دۆلار لە رووسیا کڕدرا) لەسەر حکومەتی ئەمریکا گرانتر کەوتووە.

بەڵام لەپشت جوانییەکانی ئەم پارکەوە کە ساڵانە 42 ملیۆن کەس سەردانی دەکەن و لە زیاتر لە 350 فیلمدا دەرکەوتووە، مێژوویەکی تاریکیش هەیە، بۆ دروستکردنی ئێرە، گوندێکی ئەمریکییە ئەفریقییەکان خاپوور کرا و 1600 کەس دەربەدەر کران.

پارکەکە پڕە لە وردەکاری و نهێنیی سەرسوڕهێنەر، لە دانانی کۆدی نهێنی لەسەر ستوونەکان بۆ دۆزینەوەی رێگاکان کاتێک ون دەبیت، تا دۆزینەوەی تۆپهاوێژێکی پڕ لە بارووت و ئامادە بۆ تەقاندن دوای 150 ساڵ.