وەزارەتی ناوخۆ داوای کرد و داد رێنمایی دەرکرد

گشتاندن کرا؛ ئاگاداری پەنجەی دەستکردبن لەکاتی پەنجەمۆر

ئەحمەد مستەفا

کەس بۆی پەنجەمۆری کەسێکی دیکە بکات لە کاتی مامەڵە و ناشبێ کاڵ دەرچوو پەنجەمۆرەکە بنرێتەوە بەسەریدا بۆ تۆخکردنی، گشتاندنێک لە وەزارەتی دادەوە، هەموو ئەو رێنماییانەی بۆ رێگیریکردن لە تاوانەکانی ساختەکاری لە ئیمزاو پەنجەمۆر رێکخستووە.

بەرچاوترینیان رێنمایی دراوە کە دادنووسەکان، ئاگاداری پەنجەی دەستکردبن لەکاتی پەنجەمۆر.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە 18.5.2026 دەڵێ، بە مەبەستی پاراستنی مافی خەڵک و رێگیریکردن لەتاوانەکانی ساختەکاری لە ئیمزا و پەنجەمۆر ، وەزارەتی داد گشتاندنێکی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانگەکانی دادنوسی کردووە، بۆ ئەوەی لەکاتی وەرگرتنی پەنجەمۆر لەسەر مامەڵەکانی دادی، بە وردی رەچاوی کۆمەڵێک خاڵ و تێبینی بکەن.

تێبینی و گشتاندنەکەی وەزارەتی داد، پاش نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە،کە لەمانگی نیسانی ئەمساڵ ئاڕاستەی کراو.

بەپێی گشتاندنەکەی وەزارەتی داد بۆ فەرمانگەکانی دادنووسی؛

– دەبێت لەکاتی وەرگرتنی پەنجەمۆردا، خودی کەسەکە (خاوەن مامەڵە) ئامادەبێت، نابێت کەسێکی تر لە جێگەی ئەو پەنجەمۆر بکات.

– پێویستە پەنجەی کەسەکە پاک بێت و لەوە دڵنیا ببنەوە کە پەنجەی راستەقینەیەو دەستکرد نییە.

– لەکاتی پەنجەمۆرکردنەکەدا پەنجەکە نەسۆڕێت و لەسەر لاپەڕەکە نەخشێت، پەنجەمۆر نەکەوێتە سەر نووسی.

– دەبێت لە شوێنێکی بەتاڵ یان لەسەر ناوەکە یان لە تەنیشتی بێت، ئەگەر پەنجەی گەورەی دەستی چەپی نەبوو، ئەوا پەنجەی گەورەی دەستی راستی وەربگیرێت، ئەگەر کێشە لە پەنجە گەورەکان هەبوو، ئەوا پەنجەکانی تر بەکاربهێنرێ.

– نابێت دووجار پەنجەمۆر لەسەریەک بکرێت، ئەگەر پەنجەمۆرەکە ناڕێک بوو دەتوانن لەتەنیشتیدا وەریبگرنەوە و ئاماژەی پێبکرێت، ستامپی گونجاو رەنگی “شین یان رەش” بەکاربهێنرێت.