بەرھەم ساڵح:
لە پەنابەرییەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی 117 ملیۆن ئاوارە
964+
ژێوار خدر
دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵح، لە یەکەم دەرکەوتنیدا وەک کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، رایگەیاند، ئەزموونی تاڵی ئاوارەبوونی خۆی لە تەمەنی منداڵیدا، هاندەرێکی سەرەکی بووە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە جیهانییە و ئێستا بەرپرسیارێتی 117 ملیۆن ئاوارەی لەسەر شانە.
بەرهەم ساڵح کە یەکەم کوردە بگاتە ئەو پێگەیە، لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 1974 کاتێک مێردمنداڵ بووە، بەهۆی هێرشەکانی بەعس بۆ سەر سلێمانی ئاوارەی ئێران بووە، ئەو دەڵێت، “تاڵترین ساتی ئاوارەیی بۆ من جیابوونەوە بوو لە هاوڕێکانی منداڵیم، بۆیە ئێستا بە هەستێکی مرۆییەوە کار بۆ ئەو ملیۆنان کەسە دەکەم کە ماڵ و مێژووی خۆیان جێهێشتووە.”
ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەر لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونی سەردانی کەمپەکانی کینیا، چاد، تورکیا و ئوردنی کردووە و دانی بەوەدا نا کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک پێویست کاریان بۆ پەنابەران نەکردووە، سەبارەت بە سووریاش جەختی کردەوە کە دەبێت گەڕانەوەی ئاوارەکان “ئارەزوومەندانە” بێت، بەڵام پێشبینی دەکات بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچە کوردییەکان و رۆژئاوا، رێژەی گەڕانەوە کەم بکات.