دیمەنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل _ وێنە: 964
بازرگانێک: مامەڵە 60% کەمی کردووە
ئەسیکۆدا جوڵەی بارهەڵگرەکانی لە ئیبراهیم خەلیل کەمکردووەتەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە 1.1.2026 سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەی ئیبرایم خەلیل جێبەجێ کراوە، هەر بازرگانێک کۆمپانیاکەی لە دەستەی گشتی دەروازەکان لە حکومەتی عێراق تۆمار نەکرابێت، ناتوانێت سوود لە ئاسانکارییەکان وەرگرێت، وە دۆلاری ئەمریکیش بەرامبەر 132 دیناری عێراقی پێنادرێت.
بەمەش رێژەی هەرە زۆری بازرگانەکان، کە لەو دەروازەیەوە بازرگانی دەکەن، بەدەست بەتاڵی ماونەتەوە، ئەوە جگە لەوەی قەبارەی بازرگانی، بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە زاخۆ، کە پێشتر قەرەباڵەغییەکی زۆری لێ دەبینرا، ئێستا ناوە ناوە هاتوچۆی بارهەڵگری تێدا دەبینرێت، بەمەش زیانێکی زۆر هەم بەر بازرگانان و هەم کرێکار و خاوەن کاران کەوتووە.
محەمەد عەلی، بازرگانێکی دیاری لە پارێزگای دهۆک بە 964 وت، رێک 14 روژە نەمانتوانیوە هیچ مامەڵەیەک لەدەروازەکان بکەین ئەوەی ئێمە پێمان زانیوە لە سەدا 60 مامەڵە و بازرگانی لە دەروازەکە کەمی کردووە، ئێمەش تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بووینەتەوە و بەناچاری کۆمپانیاکانی خۆمان تۆماردەکەین.
سەبارەت بە سیستەمی ئەسیکۆدای، دکتۆر رەنج محەمەد نوری مامۆستای زانکۆی زاخۆ و تایبەتمەندی ئابوری بە 964 وت، سیستەمەکە لەبنەرەتدا زۆر باشە، لەرێگەی سیستەمەکەوە دەتوانڕێت باج و سپیکردنی پارە کۆنتڕۆڵبکرێت، بەڵام حکومەتی عێراق کردوویەتی، بە دەرفەتێک بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان.
ئەو پسپۆڕە رێگە چارەیەکی شک برد و وتی، بازرگانانی هەرێم دەتوانن لەرێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمەوە هەماهەنگی لەگەل دەستەی گشتی دەروازەکان بکەن چیتر مامەڵەی ئەوان پەڕاوێزنەخرێ.
چونکە بە قسەی ئەو، دەستەی دەروازە سنوورییەکان نادادپەروەری دەکەن لە نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەک وتی، ئەوەی گرنگە ژووری بازرگانی و بازرگانەکان لەمەبەدوا، کارێک بکەن، خویان لەگەڵ سیستەمە نێودەوڵەتییەکان بگونجێنن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا