کاربەدەستانی ئێران و ئەمریکاش هەر ددان لەیەک دەسوون
هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەیوەندیان لەگەڵ دنیای دەرەوە پچڕاوە
964+
ژووری هەواڵ
جارێکی تر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە کاربەدستانی ئێران دەکات و دەڵێت، ئەگەر تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن، لێیاندەدەین، بەڵام تا ئێستا زیاتر لە 40 خۆپیشاندەر کوژراون و کار لەکاریش نەترازاوە.
دوای 13 رۆژ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەتەواوەتی پەیوەندیان لەگەڵ دنیای دەرەوە پچڕاوە، هەرچەندە کۆمپانیای “سپەیس ئێکس” خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینکی لە ئێران کاراکردووە بۆ ئەوەی بەبێ سانسۆر و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بەخۆڕایی ئینتەرنێت بەکاربهێنن، بەڵام ئەوە بۆ هەموو خەڵکی نییە و تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن لێی سوودمەند بن کە پێشتر، بەقاچاخ ئامێری ستارلینکیان گەیاندووەتە ناو وڵاتەکەیان.
عەلی خامنەئی رێبەری ئێران وەک هەمیشە خۆپیشاندەران بە تێکدەر و گێرەشێوێن ناودەبات و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک بەرامبەریان نەرمی نانوێنن.
رۆژی یەکشەممە 28.12.2025 لەناو جەرگەی تارانی پایتەختەوە خۆپیشاندان دژی گرانی و بێکاری سەریهەڵدا و دواتر زۆربەی شارەکان لەوانەش شارە کوردییەکانی وەک کرماشان و ئیلامی گرتەوە، سەرەڕای سەرکوت و توندتیژی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر خۆپیشاندەران، ناڕەزایەتییەکان رۆژ بەڕۆژ بەربڵاوتر دەبێت.