10حەوزی ماسی رووخێندران و هەڵمەتەکەش بەردەوامە

“خاوەنەکانیان رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە”

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لیژنەی سەرچاوە ئاوییەکان بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین، لە سنووری خورماتوو هەڵمەتێکی چڕیان بۆ سەر حەوزەماسییەکانی ناوچەکە دەستپێکرد و جگە لە رووخاندنیان، خاوەنەکانیشیان رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

ئەحمەد خەیروڵا، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی خورماتوو بە964ـی وت، “هەڵمەتەکەی ئەم جارەمان جیاوازترە، بەوپێیەی لە رابردوو سەرجەم ئەو حەوزەماسییانەی کە بەشێوەی سەرپێچی دروستکراون، رووخاندوویانن و خاوەنەکانیان سزای ماددی دراون، بەڵام بەشێکی زۆریان ماوەیەکە دووبارە حەوزەکانیان دروستکردووەتەوە، بۆیە ئێستا جگە لە رووخاندنیان، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەدوای خاوەنی ئەو حەوزانەشدا دەگەڕێن و دوای دەستگیرکردنیان رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە.

وتیشی، هەڵمەتەکە جگە لە سنووری خورماتوو، هەریەک لە سنوورەکانی قەزای ئامرلی و سلێمان بەگ و دەوروبەری داقوقیش دەگرێتەوە، ئەگەرچی لە رابردوودا چەندین جار خاوەنی ئەو حەوزانە ئاگادارکراونەتەوە، كه‌ تێکدانی حه‌وزه‌كانیان بە مەبەستی زیادبوونی ئاوی خواردنەوە و ئاودێریكردنى کشتوکاڵە، کەچی بەشێک لە خاوەن حەوزەکان بەردەوامن لە سەرپێچی.

ئەگەر چی لە سنووری قەزای خورماتوو پێشتر نزیکەی 100 حەوزی ماسی هەبووە و تەنیا نزیکەی 10 کەسیان خاوەن مۆڵەتی حکومەت بوون و ئەوانی تر به‌ زێدەڕۆ دروستكرابوون، لە هەڵمەتەکانی پێشووشدا سەرجەمیان رووخێدراون و تەختی زەوی کران، ئێستاش دیسان دروستکراونەتەوە، بۆیە ئەم جارە خاوەنەکانیان دەستگیردەکرێن و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی