"دەنگۆکە وا نییە"

دەروازەی حاجی ئۆمەران: هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی ناوەستێ

964+

ئەحمەد مستەفا

دەروازەی حاجی ئۆمەران دەڵێ، هاتوچۆی گەشتیاران و بازرگانان و کۆمپانیاکان و پیشەوەران لە دەروازەکەیان ناوەستێ و چەند دەنگۆیەک بڵاوبوونەتەوە، سەبارەت بە داخستنی دەروازەکەمان بۆ ماوەی دوو رۆژ راست نییە.

لە فەیسبووکی خۆی ئەمشەو 20.11.2025، دەوازەکە روونکردنەوەی داوە و دەڵێت، سەبارەت بەم دەنگۆیانە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە بابەتی داخستنی دەروازەکەمان دورە لە راستی، تەنیا پەیوەستە بە هاتوچۆی کۆڵبەران لە نێوان دەروازەی تەمەرچین و دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران.

قسەکە کاتێک بەربڵاو بوو، ئاژانسی هەواڵی “میهر”ی نزیک لە حکومەتی ئێران، لە زاری بەرپرسانی ئیداری دەروازەکە بڵاوی کردووەتەوە، کە داخستنی سنوورەکە لەنێوان حاجی ئۆمەران و پیرانشار تا ڕۆژی شەممەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

ئاماژەش بەوەکرابوو، بڕیارەکە سنوردارکردنێکی نوێیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە بەپێی ئەو بڕیارە دەبێت ڕۆژانە تەنها هەزار کەس لە ڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆ بکەن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هاتوجۆی کۆڵبەری بدات.

ڕونکردنەوەیەک لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە
ئاگاداری تەواوی هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گەشتیاران و بازرگانان و کۆمپانیاکان و پیشەوەران دەکەینەوە دەنگۆیەک بڵاو بۆتەوە سەبارەت بە داخستنی دەروازەکەمان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەمەبەستی کەمکردنەوەی (قەرەباڵغی) لەسەر دەروازەکەمان
سەبارەت بەم دەنگۆیانە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە بابەتی داخستنی دەروازەکەمان دورو لە ڕاستی
تەنها پەیوەستە بە هاتووچۆی کۆڵبەران لە نێوان دەروازەی تەمەرچین و دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران
ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران