یاریی رۆبلۆکس
لەمەودوا ناکرێتەوە
هەرێمی کوردستان.. یاری رۆبلۆکس-ی قەدەغە کرد
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان، یاری رۆبلۆکس-ی قەدەغەکرد، بڕیارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زیانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەتایبەت بۆ منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ.
بڕیارەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.10.2025 دەرچوێندراوە.
دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، بەمەبەستی رێکخستنەوەی پاکێجی ئینتەرنێتی خێزانی، لە بریارێکی نوێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا و کەمکردنەوەی زیانی یاریە ئەلکترۆنییەکان بەتایبەت بۆ منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ بریارەکە دراوە.
رێکارەکە بەوجۆرەیە، وەزارەتەکە لەسەر هێڵی ئینتەرنێت هەڵدەستێت، بە زیادکردنی یاری “رۆبلۆکس” بۆ لیستی ئەو بەرنامە و ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنانە کە پێشووتر بە بڕیاری وەزارەت فلتەرکراون.
وتەبێژەکە وتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.10.2025 بە نوسراوی فەرمی سەرجەم ئەو کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوانەی بواری گەیاندن لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە کە ئەم یاریە ئەلیکترۆنیە قەدەغە و سانسۆر بکەن لە پاکێجی خێزانیدا.
رۆبڵۆکس، پلاتفۆرمێکی یاریکردنی ئۆنلاینە، تیایدا دەتوانیت ئەو یارییانەی لەلایەن بەکارهێنەرانی دیکەوە دروستکراون، ئەنجامبدەیت، هەروەها یاریی تایبەت بە خۆت دروستبکەیت و هاوبەشیی پێبکەیت، ئەم جۆرە یارییە لەنێوان منداڵان و نەوجەواناندا، نزیکەی سەد ملیۆن کەس رۆژانە یاری پێدەکەن.
بەگوێرەی خەمڵاندنێک، منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ نزیکەی 40%ی بەکارهێنەرانیان لە ساڵی 2024دا پێکهێناوە.