گەڕایەوە پێشەنگ

یانەی هەولێر یاریی لووتكەی لە پاڵەوانی عێراق بردەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

یاریی لووتكەی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە نێوان هەولێر و شوڕتە بە بردنەوەیەكی گرنگی هەولێر كۆتایی هات، تیپەكە توانی پلەی یەكەمی ریزبەندی وەربگرێتەوە.

یارییەكە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 24.10.2025 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بە ئامادەبوونی نزیكەی 30 هەزار هاندەر بەڕێوەچوو، كە یەكەم یاریی تیپەكە بوو لەم وەرزە لە یاریگەی خۆی ئەنجامی بدات، بەهۆی نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە، كە تێیدا هەولێر بە 1-0 گۆڵ یارییەكەی بردەوە، تاكە گۆڵی یارییەكە شێرزود تیمیرۆڤی هێرشبەری ئۆزبەكی لە خولەكی 25 تۆماری كرد.

یارییەكە 36 خولەك لە كاتی دیاریكراوی خۆی درەنگتر دەستیپێكرد، ئەمەش بەهۆی ناڕێكی لەسەر پەیژەكان بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاندەران، كە شوێنی دانیشتنیان نەبوو.

یارییەكە بە گشتی بەهێز و ئاستێكی بەرزی هەبوو، هەولێر توانی گرەوەكە بباتەوە و بەمەش بە 13 خاڵ گەڕایەوە پلەی یەكەمی ریزبەندیی خولەكە، كە پێش ئەم یارییە دیالە لە پلەی یەكەم بوو، بەڵام یەكشەممە یاریی خۆی لەگەڵ مینا ئەنجام دەدات.

هەولێر لە كۆی 5 یاری، چوار بردنەوە و یەكسانبوونێكی هەیە و هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و ئەنجامەكانی تیپەكە، بە دڵی هاندەرانی یانەكەیە.

لە بەرامبەردا یانەی شوڕتە، كە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەكەیە، ئەمە دووەم یاریی لەسەریەكە تووشی شكست دەبێت، دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردووش لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا، لە ناو بەغدا بە 1-4 گۆڵ بە یانەی ئیتیحادی سعودی دۆڕا.

ئۆڵتراسی یانەی هەولێر پلانی نوێی هەیە

ئۆڵتراسی یانەی هەولێر پلانی نوێی هەیە